پارێزگاری ئورمیە گەیشتە هەولێر
پارێزگاری ئورمیە گەیشتە هەولێر
ئەمساڵیش هەولێر ئاسانكاری بۆ زیارەتكارانی ئێرانی دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا (ئورمیە)ی رۆژهەڵاتی كوردستان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ ئومێد خۆشناو بابەتەكانی بازرگانی و هاتنی زیارەتكارانی ئێرانی گفتوگۆ دەكەن، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵیش هەولێر یارمەتی زیارەتكارانی ئێرانی بدات.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 27.7.2027، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو پێشوازیی لە رەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی سەرچاوەكە، بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتى هەردوو پارێزگار و ئامادەبوونى شاندى باڵاى هەردوولا، کۆبونەوەیەکى فراوان لە بارەى بەهێزکردنى جوڵە و رهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین و رێککەوتنامەى نێوانیان و پرسى پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بكرێت.
بڕیار وایە سەرەتای مانگى داهاتوو لە رێگەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتیى حاجى ئۆمەرانەوە زیارەتكارانی ئێرانی لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕۆن، بە مەبەستی بەشداریكردن لە چلەی ماتەمینی ئیمان حوسێن، هەروەك لە سێ ساڵی رابردووش ئەم پرۆسەیە هەبووە و پارێزگای هەولێر لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تا دواسنووری خۆی لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی ناوەڕاستی عێراق، ئاسانكاری بۆ گەشتیار و زیارەتكارانی ئێرانی كردووە.