"هەر ماریان بینی بیر لە خاکەناز دەکەنەوە"
گەنجێک ماڵەکەی بووەتە لانکەی مارەکان
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
هەر کە دەڵێن مار هەموو سڵی لێدەکەنەوە و دەترسن و لەهەر جێگایەکیش بێت لێی دووردەکەونەوە، بەڵام بۆ نەوشیروان عەبدولرەحمان بە پێچەوانەوەیە و ماڵەکەی کردووەتە لانکەی مارەکان و ئەگەر خۆشی لە ماڵ نەبێت خێزانەکەی خواردنیان پێدەدات.
نزیکەی حەوت ساڵە نەوشیروان مارەکان خولیای گرتن و کۆکردنەوەی مارەکانی هەیە، وەک باسی دەکات سەرەتا خێزانەکەی ترساوە، دواتر راهاتووە و ئێستا ئەویش بە دەستەکانی خۆی خواردنیان پێدەدات و دەشڵێت، مارە بێ ژەهرەکان ترسنۆکن.
ئەم مارناسە ماڵی لە دوکانە، بەپێی ئەو ئەزموونەی پەیدای کردووە شارەزا بووە لە جیاکردنەوەیان و بۆ 964 دەڵێت، رەشماری کورت ژەهراوییەو ئەوەی دیکە بێ ژەهرە، باشترە پشت بە درێژی و کورتی ببەستیت، دەشبێت مارەکان لە یەک جیا بکەیتەوە تا یەک نەخۆن.
نەوشیروان بەتەنیا ماڵەکەی نەکردووەتە لانکەی مارەکان، بەڵکو هاوکاری خەڵکیش دەکات لە گرتنیان و بە هاناوەچوونیان، سوود لە کاژی مارەکان دەبینێت و دەشڵێت، بۆ زۆربەی دەرمانەکان سوود لە مار دەبیندرێت.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح