"خه‌ریكی وردبینى كردنین"
له هه‌ولێر ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆ دابه‌شكردنى په‌رتوك بۆ ساڵى خوێندنى 2025 – 2026
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ دابه‌شكردنى په‌رتوك بۆ ساڵى خوێندنى 2025 – 2026 و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێستا له‌رێگه‌ى چه‌ند لیژنه‌یه‌كه‌وه خه‌ریكی وردبینیكردنى په‌رتوكه‌كانن.
ئەمڕۆ دووشەممە 21.7.2025 مامۆستا لوقمان سه‌عید سدیق، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، لە سەردانێکی مەیدانیدا بەشی کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌ى بەسەرکردەوە، بۆ ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ى بۆ دابه‌شكردنى په‌رتوكه‌كان له پلانیاندایه.
نه‌وزاد عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌بەرایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر به 964ـى راگه‌یاند، كار له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنى په‌رتوكه‌كان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ده‌كرێت.
وتیشی “ئێستا لیژنه‌كان كار له‌سه‌ر وردبینىكردنى په‌رتووكه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ناو په‌رتوكه‌كاندا نه‌بێت، ئینجا ده‌ست به دابه‌شكردنه‌كه ده‌كه‌ین”.
له سنوورى به‌ڕێوه‌بەرایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر هه‌شت په‌روه‌رده له‌سه‌ر ئاستى قه‌زاكان هه‌ن و ئه‌م دابه‌شكردنه ته‌واوى ئه‌م په‌روره‌دانه ده‌گرێته‌وه.
به‌ڕێوه‌بەرى راگه‌یاندنى په‌روه‌رده ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه كه ئه‌وان بزانن چ په‌رتوكێكى نوێ بۆ ساڵى خوێندنى 2025 – 2026 به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانى خوێندن دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵكو وتى ئه‌وه تایبه‌ته به به‌ڕێوه‌بەرایه‌تى پڕۆگرامه‌كانى سه‌ر به وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده.