مین رێگر بووە
ئاگرەکەی حەساری سەکران کوژێندرایەوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
ئاگرەکەی حەساری سەکران دامرکایەوە، لە دوای زیاتر لە 15 کاتژمێر سووتانی سروشت و دار و دەوەن، لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ کرا.
کارۆخ عەلی، ژینگەدۆستێکی باڵەکایتییە، لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەشدار بووە و بۆ 964 وتی، لە دوای هەوڵێکی زۆر بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان ئاگرەکەی کوێستانی حەساری سەکران کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام دەڵێت، ژینگەی ناوچەکەی وێران کرد و رووبەرێکی زۆری زەوی سووتاوە.
ئەفسەرێکی بەرگریی شارستانی سۆران بە 964ـی وت، بەهۆی ئاگرەکە رووبەرێکی زۆری کوێستانەکە و چەندین داری بە تەمەن سووتاون، بەڵام بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
وەک باسی دەکات، هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە مین بووە، کە بە بەرازێکدا تەقیوەتەوە، هۆکاری لە دەست دەرچوون و درەنگ کوژاندنەوە ئاگرەکەش هەر مین بووە، بەهۆی بوونی مین لە کوێستانەکە تیمەکان نەیانتوانیوە لە هەموو شوێنەکان نزیک ببنەوە.
کوێستانی حەساری سەکران لە سنووری قەزای چۆمانە و هاوسنورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، مینەکانی شەڕی عێراق و ئێران هەر ماون لە شاخەکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا