دەرماڵەیەکی 30 هەزار دیناری بۆ قوتابیانی بنەڕەتی خەرج دەکرێت
+964
فەرمان سادق
پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی گەیشتنی رەشنووسی بودجەن بۆ جێکردنەوەی دەرماڵەیەک بۆ قوتابیانی هەژار و کەمدەرامەت.
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوەتەوە بۆ جێگیرکردنی بڕگەیەک لەبودجەی 2023ـدا کەبڕی 30 هەزار دینار بۆ ئەو قوتابیانە خەرج بکرێت کە خانەوادەکەیان تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
ئەو دەرماڵەیە لەخولەکانی پێشتری پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی پەروەردە هەبووە، بەڵام نەخراوەتە ناو بودجە، هەوڵەکان لەئێستادا بۆ ئەوەیە کە لەبودجەی 2023ـی عێراقدا جێگەی بکرێتەوە.
ئەو قوتابیانەی دەرماڵەکە دەیانگرێتەوە، ئەوانەن کە خانەوادەکەیان لەتۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون.
نەجوا حەمید کاکەیی، پەرلەمانتاری لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕتی964ـی وت، دەرماڵەکە ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە موچەکانیان کەمە.
زیاتر وتی “ئەگەر خانەوادەیەک سێ بۆ چوار قوتابیشی هەبێت ئەوا دەرماڵەکە هەموویان دەگرێتەوە”.
لەبارەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا کە باس لەهەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام قوتابیانی پەروەردەی کوردی ناوچە جێناکۆکەکان دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش هەوڵدەدەین بیانگرێتەوە.