دوای 109 ساڵ گڵکۆیەک بۆ گۆڕی عادیلە خانم دروستکرا

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

گڵکۆ بۆ گۆڕی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی ژن لە هەڵەبجە دروستکرا کە مێژووەکەی بۆ 109 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، و ئەمڕۆ شەممە لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەر گڵکۆکەی لادرا.

تا ساڵی 2022 کەس نەیدەزانی گۆڕی عادیلە خانم لەکوێیە، بەڵام لە کتێبێکدا شوێنەکەی ئاشکرا بووە کە بەڕێکەوت لەلایەن سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە خوێندراوەتەوە و دەرکەوتووە عادیلە خانم لە گۆڕستانی عەبابەیلێ بەخاکسپێردراوە.

کوێستان شێخ ئەکرەم سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە بە تۆڕی 964ی وت، دوای زانینی شوێنی گۆڕەکە بڕیار دەدات بە پاککردنەوەی چواردەوری گۆرەکەی و بەشێوەیەکی کاتی گڵکۆیەکی بۆ دروستدەکات.

ئێستا لەلایەن سەرمایەدار ئاسۆی حاجی محەمەد بامۆکی گڵکۆیەک بۆ گۆڕی عادیلە خانم دروستکراوە و شوێنەکەی نۆژەنکراوەتەوە، پێشتر هیچ ناوێک لەسەر گۆڕەکەی نەبووە و بە وتەی کوێستان شێخ ئەکرەم، تا رادەیەک شوێنەکەی شاراوە بووە.

عادیلە خانم هاوسەری عوسمان بەگی جافە و لە مێژووی هەڵەبجەدا ناوێکی دیاری هەیە و دایکی هەردوو شاعیر ئەحمد موختار بەگی جاف و تاهیر بەگی جافە کە بەریتانیەکان نازناوی شاژنی بێتاجی شارەزوریان لێناوە.