تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە

دار مازوویەک حەوت پشتی دانیشتووانی گوندێکی بەڕێ کردووە

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

دار مازوویەک لە پشدەر تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە و حەوت پشتی دانیشتووانی گوندێکی بەڕێ کردووە، گوندنشینان وەک ئەندامێکی خۆیان بەرگری لە دارەکە دەکەن و دەی پارێزن.

ئەو دارە لە جۆری مازووە، دەکەوێتە گوندی مڕە، دانیشتووانەکەی خۆشەویستی زۆریان بۆی هەیە و دەڵێن، یادگاری باوک و باپیرانیانە.

خالید قادر، موختاری گوندی مڕەیە ئەو بە 964ـی وت، باوک و باپیرانیان گێڕاویانەتەوە و باسی بە تەمەنی ئەودارەیان کردووە، ئەوان دارەکە بە یادگاری دەبینن، زیاتر لە حەوت پشتی گوندەکەیانی بەڕێکردووە و دەڵێن تەمەنی نزیکی 1000 ساڵ دەبێت.

ئەو دارە ساڵانێک زۆرە هەناسەیەکی پاک بۆ گوندەکە دابین دەکات و ئێستاش بەرهەمی هەیە و ساڵانە مازووی باش دەگرێت.

دار مازوو لەگەشەکردن زۆر هێواشە، نزیکەی 30 ساڵێکی پێویسته بۆ ئەوەی ببێته دارێکی تەواو، دارە بەتەمەنەکەی ئەوان، پانی قەدەکەی سێ مەترەو درێژییەکەشی 25 مەتر دەبێت و 40 مەتر دەوروبەری خۆی داپۆشیوە.

دار مازووەکە 500 مەتر لە ناو ماڵەکانی گوند دووره، موختتارەکەیان وتی، لەناو زەوییە کشتوکاڵیەکانیاندا روواوە، بەشێکی زۆری زەوییەکەی منی داپۆشیوە زیانی پێ گەیاندووم، بەڵام دڵم نەهاتووە لقێکی بچووکی دارەکە ببڕم زەویەکەم کردووە بەقوربانی دارەکە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان 240 دار بەڕوو پێشکەشی سلێمان...

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان 240 دار بەڕوو پێشکەشی سلێمانی دەکات