بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکە بە لۆگۆ و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەرکەوتوون - وێنە: ئەرشیف
"نابێ ئۆجالان دیل بێت"
کەجەکە: تورکیا بەگوێرەی پێویستیی پرۆسەکە هەنگاوی نەناوە
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆما جڤاكین کوردستان “کەجەکە”ی باڵی سەربازی پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، ئەو هەنگاوانەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئەوانی داوا دەکات، جێبەجێی دەکەن.
روون ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە ئەم هەنگاوە نوێیە بە لەبەرچاوگرتنی گەلەکەمان و گەلان دەنێین، بەڵام دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن پرۆسەکە بە شێوەیەکی یەکلایەنە پێش ناکەوێت، لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت دیل گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلان کە پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتێکی پەرە پێداوە، کۆتایی بێت و ئازاد بکرێت.
باڵی سیاسی پەکەکە تێبینی هەیە و دەڵێ، تائێستا حکومەتی تورکیا بەگوێرەی پێویستییەکانی پرۆسەکە هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بانگەوازەکەی ئۆجالان تەنیا بۆ ئێمە نییە و لە هەمانکاتدا بۆ دەوڵەتیشە بە تایبەتی پەڕلەمانی تورکیا.
دوێنێ چوارشەممە، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەخشێكی راستەوخۆدا، كە لەلایەن چەند كەناڵێكەوە گواسترایەوە، پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی شەڕی رزگاریی نەتەوەیی كۆتایی هاتووە و هەنگاوەكانی ئەم قۆناغەش مێژوویین.
ئۆجەلان لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە دەركەوت و لە لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هەنگاوی جیدی بۆ چارەسەری بنرێت و پەكەكە هەنگاوی زۆری ناوە بۆ چەكدادان، پێویستە پەرلەمانی توركیاش پرۆسەكە بەرەو پێشەوە ببات بۆ هێنایەكایەی دیموكراسی و ئەمە كاری پەرلەمانە.
وتیشی، پرۆسەی چەكدادانانی پەكەكە بەم زووانە دەستپێدەكات و پەكەكەش وازی لە پێكهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی هێناوە.
ئۆجەلان كە لە 1999ەوە زیندانی كراوە، هەروەها وتی، ئاشتی، پرۆسەی دیاریكردنی قەدەرە، بە دانانی چەكیش پرۆسەی سیاسی و یاسایی دەستپێدەكات، پێویستە هەموو كارەكان بە باشی بەڕێوەبچن و پێكهێنانی كۆمیسیۆنێك لە پەرلەمانی توركیا بۆ ئەمە پێویستە و دەم پارتییش ئەركی سەرشانی بە باشی جێبەجێ دەكات.
عەبدوڵا ئۆجەلان وتیشی، هیچ كاتێك داوای ئازادكردنی خۆی نەكردووە، بۆ سەركەوتنی پرۆسەی چارەسەرییش پێویستە هەمووان ئەوەی لەسەر شانیانە جێبەجێی بكەن بە تەواوی.