چونکە لای موچەخۆرانی هەرێم ئەمڕۆ 67ـی مانگە

ئەمڕۆ چەند شەممەیە؟ گرنگ نییە

964+

وریا فەتاح

بەڵێ، 67 رۆژى رەبەق بەسەر وادەی موچەی مانگی پێنجدا تێپەڕیوە، موچەی شەشیش دیار نییە و مانگی حەوتیشى هاتەسەر.

چیرۆکی موچە، چیرۆکی ئەمڕۆ و سبەینێ و هەفتەى داهاتووە، سەرەتا وتیان پێش جەژن، لە جەژندا وتیان دواى جەژن، دوای جەژنیش گوتیان “چاوەڕێین ئەندامانی دادگای فیدراڵی لە حەج بگەڕێنەوە”.

خوا قبوڵى بکات و ئەوانیش گەڕانەوە، کەچى لە جیاتى موچە داواى خانەنشینیان کرد.

جا هەموو هەفتەیەک، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کۆدەبنەوە، بەڵام تاکە شتێک کە لەو کۆبوونەوانە دێتە دەرەوە، وشەی “إن شاء الله” و
“لە نزیکترین کاتدا”یە. نازانین ئەو “نزیکترین کاتە” کەیە و لە کوێیە!

لەو ماوەیەدا شاند رۆیشت و گەڕایەوە… شاند هات و ڕۆیشتەوە… بەڵام گیرفانی موچەخۆر هەر بەتاڵ مایەوە.

رۆژێک هەواڵی رێککەوتن بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن تەنیا ئیمزایەک ماوە، رۆژی دواتریش، یەکتری بە پابەندنەبوون تۆمەتبار دەکەن.
ئەم هەموو ململانێ و شێروڕێوییە، “67 رۆژ”ی خستووەتە سەر رۆژژمێری فەرمانبەران، جا جاران ئەگەر کەسێک ئاگاى لە هیچ نەبوایە دەیانگوت 67ـى مانگە، بەڵام بەخوا ئێستا 67ـى مانگى تەواوە.

ئەمەى تا ئێرە باسم کرد رابردوو بوو، بزانین نوێترین زانیارى چییە؟

ئەمڕۆش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی کوردستان کۆبووەوە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، بە گوێرەی راگەیەندراوێک، هەردوولا هاوڕابوون کە “نابێت موچە تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت”، من زۆر لەوە تێنەگەشتم چونکە وەک ئەوە وایە فەرمانبەران موچەکەیان تێکەڵاوى ململانێ سیاسییەکان کردبێت.

خولاسەى کەلام دوا زانیارى ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا، بەڵام ئەگەر عاشورا وەک حەجەکەى لێنەکات.

سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە بارەى موچەوە چى بە...

سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە بارەى موچەوە چى بە هەرێمى کوردستان وتووە؟