"لێدوانەکانتان بێ بەڵگەن"

فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق وەڵامى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەداتەوە

964+

وریا فەتاح

فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق، وەڵامى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەداتەوە و دەڵێت، تۆمەتبارکردنى دامەزراوەى ئەمنى فەرمى عێراق ئیدانە دەکەین و دواى بەڵگە دەکەین.

شەوى رابردوو، وەزارەتى ناوخۆى هەرێم بڵاوى کردەوە، “شەوى پێشووتر (واتا شەوى پێنجشەممە)، درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتۆتە خوارەوە. ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنە بەر”.

ئەمڕۆ شەممە، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئەو تۆمەتانەی بە “رەتکراوە و ئیدانەکراو” ناوبرد کە ئاراستەی دامەزراوەیەکی ئەمنیی عێراقی کرابوون.

“ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، بابەتێکی رەتکراوە و ئیدانەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە، بەتایبەت کە لەگەڵ نەبوونی بەڵگەدا دەرچووە، کە ئێمە داوای پێشکەشکردنی دەکەین ئەگەر بوونی هەبێت بۆ لایەنە فەرمییەکانی حکومەت”، وتەبیژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکان وا دەڵێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،” حکومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەکانیەوە، لە چەندین بۆنەدا جەختی کردووەتەوە کە سازش لەسەر حیسابی رۆڵەکانی عێراقی یەکگرتوو و ئاسایشەکەیان نەکردووە و ناکات، هەروەها دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی دەستبردن بۆ سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش بدات لە سەرانسەری عێراقدا”.

باس لەوەشکراوە، ئالنگارییەکانی ئێستا پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگییە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنابردن بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن بە راپۆرت و لێدوانێک کە دەرفەت بە ناحەزان بدات بۆ ناوزڕاندنی دامەزراوە عێراقییەکان کە عێراق دەپارێزن و بەرگری لێدەکەن و ئاسایشەکەی دەچەسپێنن، هەروەها پاساو دەداتە دەست لایەنە دوژمنکارەکان بۆ لەکەدارکردنی سەقامگیریی عێراق.

درۆنەکانی هەولێر دوو دانە بوون

درۆنەکانی هەولێر دوو دانە بوون