ساتی دانانی چەند ستونێکی کارەبا لە سنووری هەولێر - فۆتۆ: کارەبای هەولێر
سنووری شەقامی 120 مەتری رووناک کراوەتەوە
لە هەولێر 12 گەڕەک ماون کارەبای 24 کاتژمێریان پێبگات
964+
شۆڕش قادری
گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ گەڕەکەکانی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بەردەوامە و لە پایتەخت، تەنیا 12 گەڕەک ماون کارەبای 24 کاتژمێریان پێبگات.
سوزان عەلی کارمەند لە پڕۆژی رووناکی بە 964ـی وت، “زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر کارەبای 24 کاتژمێریان پێگەیشتووە و تەنیا چەند گەڕەکێک ماون، لەوانەش، فەرمانبەران، بنەسڵاوە، هەولێری نوێ، حەسارۆک، هیوا سیتی، فلۆریا سیتی، نەورۆز سیتی، ئاشتی، هیران سیتی، قەرەبوو، دارەتوو و گەڕەکی زەیتوونە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا رادەیەک هەموو ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە سنووری شەقامی 120 مەتری هەولێر، کارەبای 24 کاتژمێریان پێگەیشتووە.
بەپێی ماڵپەڕی پڕۆژەی رووناکی، تا ئێستا 775 هەزار هاوڵاتی و 40 هەزار هاوبەشی دیکە لە هەولێر، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان لە دوکەڵ و هاڕە هاڕی موەلیدە رزگاریان بێت و کارەباکەیان پێبگات.