سەیدسادق بۆ سەگەکانی پەنا بۆ سلمانی دەبات

سەگێکی بێ لانە لە شاری کۆیە – میدیازان

میدیازان – محەمەد عومەر – سەیدسادق

تەنیا مانگی پێشوو سێ گەنج بە هۆی پەلاماردرانیان لە لایەن سەگی بێلانەوە لەسەیدسادق ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، ئێستا ئەو قەزایە پەنا بۆ سلێمانی دەبات.

ئەو ئامارانەی لای تەندروستی تۆمارکراون دەڵێ مانگی تشرینی یەکەم سێ برینداری پەلاماری سەگ لەسەیدسادق هەبووە، بەڵام بارودۆخیان خراپ نییە.

“برینەکانیان سەخت نییە”

تەندروستی سەیدسادق

 حەیدەر عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سەیدسادق بە میدیازانی وت: ئەو سێ کەسە برینەکانیان سەخت نەبووە و چارەسەریان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

سەگی بێلانە بە گشتی لە تەواوی شار و شارۆچکەکان دەبیندرێت، لە شاری سلێمانی شارەوانی جێگەیەکی بۆ دروست کردوون و لەوێدا کۆیان دەکاتەوە.

“داوامان لە شارەوانیی سلێمانی کردووە سەگە بەرەڵڵاکانی سەیدسادق لەو شێڵتەرە کۆ بکەنەوە کە دروستیان کردووە”، دیار رەفیق، قائیمقامی سەیدسادق وای بە میدیازان وت.

وتیشی: “لەبەر نەبوونی جێگەی تایبەت نەمانتوانیوە ڕێگری لە زۆربوونیان بکەین و مەترسییەکانیان دوور بخەینەوە.

سەیدسادق یەکێکە لە قەزا گەورەکانی پارێزگای سلێمانی و کەوتووەتە رۆژهەڵاتیەوە.