منداڵێکى فڕێدراو لە سنوورى ناحیەى شوان
کەرکوک
کۆرپەیەکى تازە لەدایکبوو بە فڕێدراوى دۆزرایەوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 28.6.2025، کۆرپەیەکى تازە لەدایکبوو لە ناو مزگەوتی گوندی ئیلنجاغی سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگاى کەرکوک، دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانى سنوورەکە، گەیشتنە ناو مزگەوتی گوندەکە و کۆرپەیەکى بەرەگەزی کوڕ، کە جێهێدرابوو، هەڵیانگرتەوە”.
وتیشى،”ئەو سنوورە لە رووی ئەمنییەوە سەر بە بنکەی پۆلیسی قەرەناوە و سەر بە ئیدارەی کەرکوک نییە، هەر بۆیە منداڵەکە دوای گەیاندنی بە بنکەی تەندروستی قەرەناو، رەوانە نەخۆشخانەی تەقتەق کرا.
“ئێستا تەندروستیی کۆرپەکە زۆرباشە، دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە”، سەرچاوەکەى پۆلیس واى وت.
لاى خۆیەوە ئازاد عاسی سەرۆکی شارەوانیی خاڵخاڵان بە 964ـی وت، “چەند پێشمەرگەیەک کە دەوامیان لەو سنوورەیە بۆ نوێژی بەیانی دەڕۆنە ئەو مزگەوتە و ئەو منداڵە دەدۆزنەوە، دەستبەجێ پۆلیس و تەندروستی لێ ئاگاداردەکەنەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح