کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
"سیستەمی بەرگری ئاسمانی پڕچەک دەکەین"
سودانی: هیوادارین ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل سەربگرێت
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل رایگەیاند، هیوادارن سەربگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 24.6.2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سودانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، لە هێرشەکانی سەر ئێراندا، ئیسرائیل بیانوی “شکستخواردووی” بەکارهێنا بۆ فراوانکردنی ململانێکان.
سودانی راشیگەیاند، بە ئیدانەکردن و رەتکردنەوەی “دەستدرێژی” ئیسرائیل بۆسەر ئێران و دژی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، هەڵوێستی عێراقیان دووپاتکردووەتەوە.
“عێراق هەرگیز لاواز نەبووە و ناشبێت، پێشتر رووبەڕووی تیرۆر بووینەوە و تێکمان شکاند و سەرکەوتوو بووین لە دوورخستنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی گەلەکەمان لە کارەساتەکانی شەڕ”، سودانی وای وت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بنکەکانی تاجی و ئیمام عەلی لە زیقار زیانیان بەرکەوتووە.
“حکومەتەکەمان پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، هەروەها کۆمەڵێک گرێبەست و پڕۆژە لە ئارادایە بۆ تەواوکردنی پڕچەککردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی”، سودانی وای وت.