فڕۆكە و كەشتی جەنگی جولاندووە

“نیشانەی روون هەیە ئەمریكا پلانی لەناكاوی بۆ شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەیە”

964+

محەمەد فاتیح

لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دژ ئێران بە دەیان فڕۆكەی جەنگە ئەمریكی بەرەو ئەوروپا جوڵەیان كردووە.

داتاکانی گەشتە ئاسمانییەكان دەریانخستووە کە لە ماوەی سێ ڕۆژی رابردوودا لانیکەم 30 فڕۆکەی سەربازی ئەمریکی لە بنکەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی فلاییت رادار 24 ئەو فڕۆکانە سەرجەمیان تانکەری سەربازی ئەمریکین کە بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆمب هاوێژەکان بەکاردەهێنرێن و حەوت لەوانە لە جۆرەكانی KC-135 گەیشتوونەتە بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ئیسپانیا و سکۆتلەندا و بەریتانیا.

جەستن برۆنک، گەورە شرۆڤەکاری پەیمانگای خزمەتگوزارییە شاهانەییە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوەکانی بەرگری دەڵێت، “پڕۆسەكانی بڵاوەپێكردن نیشانەیەكی روونن کە ئەمریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا پلانی لەناکاو دادەڕێژێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی شەڕە چڕەکان لە ناوچەکەدا “.

جموجۆڵی فڕۆکەکان لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ئەمریکا کەشتی فڕۆکە هەڵگری نیمیتزی لە دەریای باشووری چینەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستووەتەوە.