بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕینیش دەڵێت کێشەکەیان چارەسەر کردووە

دانیشتووانی گوندەکانی پشدەر  رێگەی مەرزی کێلێیان داخست

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

کردنەوەی بەشێک لە رێگەی مەرزی کێلێ بۆ بارهەڵگران ناڕەزایەتی دانیشتووانی گوندەکانی پشدەری لێکەوتەوە و بەهۆیەوە رێگەکەیان داخست، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕینیش دەڵێت، لە یەک مانگدا نۆژەن کردنەوەی رێگەکە تەواو دەبێت و هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.

ئاوات شەقسە، شوفێرێری مەرزی کێلێیە ئەمڕۆ پێنج شەممە 12.6.2025 بە 964ـی وت، “دوێنێ سەرجەم بارهەڵگرەکانی مەرزی کێلێ مانمان گرت بەهۆی خراپی رێگای مەرزەکەوە، بەڵێنمان دابوو هاتوچۆ تا نۆژەنکرندەوەی رێگاکە تەواو دەبێت، ئەمڕۆش بەشێکیان لەو رێگایە بۆ کردینەوە کە کاری تێدا دەکرێت، تەنیا بۆمان هەیە بۆ سەرکەوتن بەکاریبهێنین و رێگە کاتیەکەش بۆ گەڕانەوە.”

وتیشی، لەنزیک گوندی دارەشمانە دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری رێگایەکەیان گرتووە و رێگەنادەن سەربکەوین بۆمەرزەکە و لەوێ بارهەڵگرەکانمان راگرتووە ناتوانین بڕۆین و دەبێت بگەڕێینەوە و رێگە کاتییەکە بەکاربهێنین، دانیشتووانی گوندەکان دەڵێن، هاتوچۆی بارهەڵگرەکان تۆزی زۆر دروست دەکات و جگە لە بێزار کردنی هاوڵاتیان زیان بە کشتوکاڵیش دەگەیەنێت، بۆیە تا رێگەکە چاک نەکرێت رێگە بە هاتوچۆیان نادەین، چونکە رێگەکە خۆڵە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە بارهەڵگرەکان رۆشتوونەتە مەرزەکە و رێگە کاتییەکە بۆ گەڕانەوە بەکاردەهێنن.

عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین سەبارەت بەم کێشەیە بۆ 964 وتی، “تەنیا ئەمڕۆ رێگەماندا بارهەڵگرەکان رێگە تازەکە بەکاربهێنن، چیتر رێگە نادرێت بەوێدا بچنەوە مەرزەکە، ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەیەکدا بەئامادە بوونی شوفێرەکانیش، بڕیارمانداوە رێگە کۆنەکا بەکار بهێنن بۆ گەیشتن بە مەرزەکە، هیچ رێگەیەکی جێگرەوەمان نییە و دانیشتووانی گوندەکەش مانگرتنەکەیان شکاندووە.

باسی لەوەشکرد، ئاگادارن رێگە کاتییەکە ناخۆشە، بەڵام بڕیار دراوە رۆژانە رێگەکە چاک بکەن و ئاوڕشێنی بکەن بۆئەوەی تۆزی نەبێت، وە لەماوەی یەک مانگی دیکەدا ئەو پێنج کیلۆمەترەی ماوە  نۆژەن بکرێتەوە و رێگە تازەکە بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

مەرزی کێلێ دەروازەیەکی سنوری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە نزیکەی 25 کیلۆمەترلە سەنتەری شاری قەڵادزێوە دوورە، رۆژانە زیاتر لە 200 بار هەڵگر کەلوپەل لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و قەبارەی  بازرگانی تیایدا ساڵانە ملیاران دینارە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

شۆفێرانی مەرزی کێلێ مانیان گرت و هاتوچۆی مەرزەکە پەکیک...

شۆفێرانی مەرزی کێلێ مانیان گرت و هاتوچۆی مەرزەکە پەکیکەوت