باندێکی دزی ئۆتۆمبێل دەستگیرکران
+964
زینوێ حەسەن
ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکردنی باندێکی ئۆتۆمبێلی راگەیاند و دەڵێ، کاریان دزینی ئۆتۆمبێل بووە لەخوارووی عێراق و ساغکردنەوەی لەهەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.2.2023، ئاسایشی گەرمیان لەراگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی باندێکی دزی ئۆتۆمبێلی راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە بێت، باندەکە چوار کەسی دانیشتووی بەغدان، کاریان دزینی ئۆتۆمبێل بووە لەخوارووی عێراق و ساغکردنەوەی لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاسایشی گەرمیان دەڵێت: دوابەدوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن هێزەکانمان لەسەرکۆمەڵێک کەسێک کە کاریان دزینی ئۆتۆمبێل بووە لەپارێزگاکانی خوارووی عێراق، دواتریش لەبازارەکانی کوردستان کڕێن و فرۆشتنیان پێوەکردووە.
“تیمەکانمان لەئاسایشی گەرمیان لەسەر بڕیاری دادوەر توانیان چوار هاوڵاتی دەستگیربکەن کەدانیشتووی پارێزگای بەغدان، دووانیان پێشینەی دزیان هەبووە، دووەکەی دیکەیەش هاوکاریان کردوون”. لەراگەیەندراوەکەی ئاسایش هاتووە.
بەقسەی ئاسایشی گەرمیان بێت، بەپێی مادەی 275 لەیاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دزەکان کراوەتەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق