هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی نابێت

سبەی و دوو سبەی مەرزی سەیرانبەن دادەخرێت

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

بە بڕیارێک لە دیوی رۆژهەڵات و ئێرانەوە، سبەیی و دوو سبەی مەرزی سەیرانبەن دادەخرێت و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری رادەگیرێت.

حاکم زیاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک بە 964ـی راگەیاند، لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێیان وتراوە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا مەرزی سەیرانبەن دادەخرێت و بەوەش هاتوچۆ دەوەستێت تیایدا.

باسی لەوەشکرد، هۆکاری داخستنی مەرزەکەش بەهۆی ساڵیادی مردنی ئیمام خومەینییە و لە ماوەی دوورۆژی داهاتوودا لە وڵاتی ئێراندا پشووە.

حاکم زیاد باسی لەوەشکرد، بەهۆی داخستنی مەرزەکەوە، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی دەوەستێت و کاریگەری دەبێت لەسەر هاتنی باری میوە بەشێوەیەکی سەرەکی و ئەو کاڵا و شمەکانەی رەوانەی مەرزەکە دەکرێت و هاوکات هاتوچۆی گەشتیاریش تیایدا دەوستێت و ئەو شوێنانەی پەیوەستن بە بانە و ناوچەکانی دەورووبەرییەوە دەبێت لە باشماخەوە بڕۆن کە چەند کاتژمێرێک دووریان دەخاتەوە.

تا ئێستا بۆ رۆژانی جەژن هیچیان پێنەوتراوە بۆ ئەوەی دادەخرێت یاخود نا بەڵام ساڵانی رابردوو رۆژانی جەژن مەرزەکە کراوە بووە و دانەخراوە، حاکم زیاد وای وت.

مەرزی سەیرانبەن دەکەوێتە ناحیەی گەرمک و قەزای پێنجوێن بە پارێزگای بانەوە دەبەستێتەوە و مەرزەکە هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری تێدایە و بەزۆری باری میوە لە دیوی ئێرانەوە دێتە هەرێمی کوردستان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

گەراجەکانی مەرزی سەیرانبەن داخران

گەراجەکانی مەرزی سەیرانبەن داخران