گۆشتفرۆشەکانیش داواکارییان هەیە
کوشتارگەی هەڵەبجە مەرجی تەندرووستی تێدا نییە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆمارکراوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و زۆربوونی خواست لەسەر گۆشتی سوور زیاتر دەبێت و مەترسی نەخۆشیەکە زیاتر دەبێت و داواش دەکرێت خەمێک لە کوشتارگەی هەڵەبجە بخورێت.
مەرجی تەندروستی و سەلامەتی کوشتارگەکان، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ گواستنەوەی ئەو نەخۆشیەدا هەیە، بەڵام ئەگەر بە وتەی قەساب و لیژنەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجەش بێت، کوستارگەی هەڵەبجە بە هۆی کۆنی بیناکەیی و نزیکی لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە، هەروەها نەبوونی ساردکەرەوەی پێویست، لە ئێستادا گونجاو نییە و شارەکە پێویستی بە کوشتارگەیەکی نوێ و مۆدێرن هەیە.
هاوکار قەساب، لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا دوکانی گۆشتفرۆشی هەیە ئەو بە 964ـی وت، لە ئێستادا هەڵەبجە پێویستی بە درووستکردنی کوشتارگەیەکی مۆدێرن هەیە، چونکە شوێنی کوشتارگەی ئێستا لەناوچەی نیشتەجێبووندایە و بیناکەی کۆنە، ئەو مەرجانەی کە پێویستە هەبن لەو کوشتارگەیەدا بوونیان نییە.
فەلاح نامیق، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بە 964ـی وت، دوای ئەوەی شەوێک کاتژمێر 12 بە یاوەری قایمقامی هەڵەبجە، سەردانی کوشتارگەی هەڵەبجەمان کرد و کەموکوڕیەکانمان دەستنیشان کرد، ئێشتا لە هوڵی چارەسەر کردنیداین، هەموو کەموکورتیەکانیش شایەنی چارەسەرن، لە ئێستادا بە هۆی نەبوونی ساردکەرەوەوە، گۆشتەکە راستەوخۆ دەخرێتە ناو ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە و دابەشی سەر قەسابەکان دەکرێت و ئێمە سوپاسی قەسابەکان دەکەین کە ئەو مەرجانەی ڤێتێرنەری هەڵەبجە پێیداون هەموویان جێبەجێکردووە.
روونیشیکردەوە، من وەکو سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەڵەبجە و خودی قایمقامیش داوا دەکەین کە کوشتارگەیەکی نوێ و مۆدێرن بۆ هەڵەبجە درووستبکرێت کە شایەنی ئەم شارە بێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی