خۆپیشاندان دوو کاتژمێر کارەبای بۆ دەربەندیخان زیادکرد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاردرا رۆژانە بڕی دوو کاتژمێر زیاتر کارەبای نیشتمانی بۆ قەزای دەربەندیخان دابین بکرێت، قایمقامیەتی قەزاکە دەڵێت، ئەمە بە لەبەرچاوگردنی دۆخی مانگرتوان و خۆپیشاندەرانە.

قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت  “بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مانگرتووان و چالاکوانان و خۆپیشاندەران،  بە پشتیوانی چین و توێژەکانی قەزای دەربەندیخان و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بڕیاردرا بە زیادکردنی دوو کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ قەزای دەربەندیخان.”

دەشڵێت  “هەوڵدان و کارکردن بەردەوام دەبێت بۆ زیاترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە شاری دەربەندیخان.”

هاوڵاتیانی قەزای دەربەندیخان، ماوەی 14 رۆژە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان بەردەوامن و لەسەر شەقام دەمێننەوە، بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە راگەیاندووە.

داواکارییەکانی خۆپێشاندەرانی دەربەندیخان پێکدێت لە سێ بابەتی سەرەکی، ئەوانیش دابینکردن و پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە،  هەڵگرتنی پێوەری ئاو و  زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی.

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری دا بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبای قەزاکە و رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپێردران، کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییەکان و نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان بکەن.

قەزای دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵکەکەی بەدەست کێشەی ئاوی خواردنەوە و بێکارەباییەوە دەناڵێنن.