کەسێک دراوی 25 هەزار دیناری رادەکێشێت _ وێنە: Reuters
دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو
موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە نادرێت
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی دارایی بە فەرمی مامۆستایانی گرێبەستی ئاگادارکردووەتەوە کە موچەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشناکرێت و نوێنەرێکی ئەو مامۆستایانەش دەڵێت، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو موچەیان پێدەدرێت.
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە 964ـی راگەیاند، پەیوەندیان کردووە بە وەزارەتی دارایی لەسەر ماف و شایستەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ ئەوەی موچەی مامۆستایانی گێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت، بەڵام پێیان ڕاگەیاندین ناتوانن موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەت دابەش بکەین.
بە وتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی گرێبەست، موچەکانیان دەکەوێتە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە.
“هەرچەندە نوسراوی فەرمی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە کە ئیمزای د. ئومێد سەباحی لەسەرە بۆ دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین بەهۆی زۆی و خراپ کۆکردنەوەی داهات، نەمانتوانیووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین”، کاروخ عەبدوڵا وای وت.
لە مانگی چوار، وەزیری پەروەردەی هەرێم نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد بۆ دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، بەڵام تا ئێستا ئەم نوسراوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەربارەی موچەی مانگی 12ـی مامۆستایانی گرێبەست، کاروخ عەبدوڵا وتی، “قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی کرد داوامان کرد دابەشبکرێت، چونکە موچەکەمان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، بەڵام بەداخەوە پێیان راگەیاندین هاوشێوەی موچەی فەرمانبەران هی ئێوەش ناتوانین دابەشبکەین”.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست 38 هەزارە، موچەی مانگانەیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دیناردایە، کۆی موچەی مانگایەیان نزیکەی 18 ملیار دینارە.