سەربازێکی سوپای تورکیا لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکان. فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ
مادام پەكەكە خۆی هەڵوەشاندەوە
داوا دەكرێت “داگیركاری توركیا” لە عێراق كۆتایی بێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمینداری بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق دەڵێت، بڕیاری خۆھەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان، بیانووەكانی سوپای توركیا كۆتایی پێدێنێت لە داگیركردنی هەندێك ناوچە لە عێراق.
قەیس خەزعەلی ئەمڕۆ دووشەممە 12.5.2025 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و داوا لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق دەكات، چاودێریی پرۆسەی ئاشتیی توركیا بكەن و هەرچی لە توانایاندایە بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە پێشكەشی بكەن.
پارتی كرێكارانی كوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا لەسەر دەستپێشخەریی ئاشتیی عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری، ئەمەش كاردانەوەی ئەرێنی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە ناوخۆی عێراقیشدا داوا دەكرێت سوپای توركیا لە خاكی عێراق بچێتە دەرەوە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق ئاماژە بەوە دەكات، بڕیارەكەی پارتی كرێكاران بیانووەكانی توركیا دەبڕێت كە پانتاییەكی زۆری لە خاكی عێراق داگیر كردووە، كە زیاترە لە پێنج هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە و زیاتر لە 183 بنكەی سەربازی لە خاكی شارەكانی دهۆك و هەولێر بنیاد ناوە، لەگەڵ بنكەیەك لە بەعشیقە لە پارێزگای موسڵ.
خەزعەلی داوا لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق دەكات، رێوشوێنی تەواو بگرنەبەر بۆ زامنكردنی سەروەریی عێراق، ئەمەش لە رێگەی دەرچوونی خێرای سوپای توركیا لە خاكی عێراق، هەروەها دەرچوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
داواش دەكات پەرلەمان و حكومەتی عێراق چاودێریی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بكەن و هەرچی لە توانایاندایە بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە پێشكەشی بكەن، بە تایبەتی لە پێناو سەروەریی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەروەری.