لە رانیە

دەیویست گۆشتی مانگایەکی نەخۆشی مردارەوەبوو ساغ بکاتەوە؛ دەستگیر کرا

964+

شۆڕش قادری

لە رانیە گۆشتفرۆشێک دەیویست گۆشتی مانگەیەکی نەخۆش و مردارەوەبوو ساغ بکاتەوە، ئاسایش و لیژنەکانی قایمقامیەت پێیانزانی و دەستگیرکرا.

کارزان سلێمان سەرپەرشتیاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە 964ـی وت، “بە هاوبەشی بەشی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین چاودێری هاوڵاتییەکمان کرد کە دەیویست مانگایەکی نەخۆشی تووشبوو بە نەخۆشی تەبەق، بە گۆشتفرۆشەکان بفرۆشێت و ساغی بکاتەوە، بەڵام کەس ئامادەنەبوو لێی بکڕێت”.

“خاوەنی مانگاکە دووبارە لەشەودا هەوڵی داوە مانگاکە بفرۆشێت بەڵام هەر نەیتوانیوە تا مانگاکە مرداربووەتەوە، دواتر لاشەی مانگاکەی بردووە بۆ ناو ئاغەڵێک لەناو زەوییەکی کشتوکاڵی و ویستوویەتی پارچە پارچەی بکات و گۆشتەکەی بفرۆشێت، بەڵام چونکە پێشتر ئێمە ئەو شوێنەمان پشکنیبوو و دەستمان بەسەر کەلوپەلی سەربڕینی ئاژەڵەکاندا گرتبوو، ترسابوو و دواتر لاشەکەی لە قەراخی جادە لە (گردە دێمە) لەناو گەنمی هاوڵاتیان فڕێدابوو”، کارزان سلێمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان شەو و رۆژێک بەدواداچوونیان کرد و سووربون لەسەر ئەوەی چارەنوسی ئەو مانگا نەخۆشە بدۆزنەوە، دوای 12 کاتژمێر لە بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوتووە کە مانگاکە بەمردارەبووی لەشوێنێکی زۆرخراپ فڕێدراوە و ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆگەن و بێزارکردنی هاوڵاتیان و گواستنەوەی نەخۆشی تەبەق لە ناوچەکەدا، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەی بەشی لێکۆڵینەوە، خاوەنی مانگاکە دەستگیرکراوە، کەلاکی مانگاکەیان پێ گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو و دوور لە دانیشتوان و بەشێوەیەکی زانستی ژێر خاک کراوە .

کارزان سلێمان وتیشی، ئەو گۆشفرۆشە بە ماددەی 240 لە یاسای سزادان دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە بناگوێمان دایە و هەر ئەمڕۆ کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە لە شیلادزێ گیانی لەدەستدا و پێشتریش حاڵەتێک لە قەزای کۆیە تۆمار کراوە.

ئەو شوێنەی ئاژەڵی نەخۆش سەربڕێت دادەخرێت

ئەو شوێنەی ئاژەڵی نەخۆش سەربڕێت دادەخرێت

لەسەر فڕێدانی مریشکی مردارەوەبوو لێکۆڵینەوە لە دەواجی...

لەسەر فڕێدانی مریشکی مردارەوەبوو لێکۆڵینەوە لە دەواجینەکانی هەڵەبجە دەکرێت