ئامێرێکی تایبەت بە پشکنینی ماددەی هۆشبەر لە گەرمیان دانرا - وێنە؛ تەندروستی گەرمیان
بۆ لەمەودوا تۆمەتباران نانێردرێن بۆ سلێمانی
ئامێرێکی تایبەت بە پشکنینی ماددەی هۆشبەر لە گەرمیان دانرا
964+
شۆڕش قادری
ئامێرێکی تایبەت بە پشکنینی ماددەی هۆشبەر لە گەرمیان دانرا و ئیدی تۆمەتبارانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر، نانێردرێن بۆ سلێمانی و هەر لە کەلار پشکنینیان بۆ دەکرێت.
د. سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتيی تەندروستيی گەرمیان بە 964ـی وت، “وەک ستراتیژی پلانی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ئامێرێکی تایبەت بە پشکنینی مادەی هۆشبەر (Pro-Viva E) لە مەڵبەندی پزیشکی دادوەریی کەلار دانرا”.
“ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن دادگا و ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێن، بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی تۆمەتەکانیان، خوێنیان لێ وەردەگیرێت و دواتر بەو ئامێرە پشکنینیان بۆ دەکرێت”، د. سیروان وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە پێشتردا دەبوو ئەو پشکنینە بنێردرێت بۆ سلێمانی، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی ئامێرەکەدا ئیتر ئەو پشکنینە لە مەڵبەندی پزیشکی دادوەریی کەلار ئەنجام دەدرێت.
د. سیروان وتیشی، ئامێرەکە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان دابینکراوە.