لە سلێمانی 26 تیم پێكهێنراون بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون

964+

محەمەد فاتیح

دوای گیان لەدەستدان و تووشبونی چەندین كەس لە عێراق به نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لەو نەخۆشییە، كاری پێویست كراوە لە شاری سلێمانی بۆ رێگری لەو نەخۆشییە.

قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە دوو كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و تییایدا باسیان لەوەكرد کاری پێویست کراوە بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون و بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی 26 تیمی پێکهێناوە و سەردانی گوندەکان دەکات بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی و شتنەوەی ئاژەڵ و لیژنەکانی قائیمقامیەتیش راسپێردران زیاتر چاودێری گۆشتفرۆشەکان بکەن.

رونیشكرایەوە بڕیار درا لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی ئەندازیاری کشتوکاڵی راستەوخۆ لەسەر پرۆژە بێت و سەرپەرشتی پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بکات، هەروەها هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم و تاكو ناوەڕاستی مانگی شەش قەدەغەی راوەماسی بەردەوام بێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریشیدا بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی هێلكە بەردەوام بێت، هەرکاتێک نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزبێتەوە بەناچاری دەرگای هاوردەکردنی بکرێتەوە، هەروەها لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ بڕیاردراوە لە 1ـی ئایار هاوردەکردنی پیاز و له 15ـی ئایار هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بێت.