دیمەنی قەزای پێنجوێن _ وێنە: 964
"پێشکەوتنە بۆ قەزاکە"
لە پێنجوێن چوار پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێ
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە پێنجوێن چوار پرۆژەی نیشتەجێبوون و دروست دەکرێت و یەکێک لە پرۆژەکان نزیکە لەوەی دەستبکات بە فرۆشتنی ژمارەیەک لە یەکەکانی، سەرۆکی شارەوانی پێی وایە، ئەو هەنگاوە سیمای قەزاکەی جوانتر و پێشکەوتوو دەکات.
پرۆژەکان بازرگانین و حکومی نین، ئەمە یەکەمجارە بەم رادەیە پێنجوێن پڕۆژەی نیشتەجێ بوون تیایدا دروست بکرێ.
رەوف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ی وت، ئەو چوار پرۆژەیە لە پێنجوێن، دروست دەکرێت یەکێکیان دەست دەکات بە فرۆشتنی یەکەکانی و سیانەکەی دیکەش لە شارەوانی پێنجوێن زەویان پێدراوە، بەڵام هێشتا رێکاری یاساییان ماوە بۆ دەست بەکاربوون.
پرۆژەکان لە راوگان، حەسەن ئاوا، نزیک رێگای باشماخ و گەڕەکی بوبان دەکرێتەوە و بەوەش کاریگەری لەسەر نرخی خانوبەرە دەبێت لە قەزاکە.
بەکۆی گشتی پڕۆژەکان سێ هەزار یەکەی نیشتەجێبونن، یەکێک لە کۆمپانیاکان دوو هەزار یەکە دروست دەکات، یەکێکی دیکەیان 150یەکە و سێهەمیان 500یەکە و چوارەمیان 350 یەکەی نیشتەجێ بوون.
ئەوە یەکەمجارە لە پێنجوێن کۆمپانیا بازرگانییەکان پرۆژەی نیشتەجێبوون ببەنە ئەو قەزایە و لەبەر ئەوەش تا ئێستا دیار نییە ئەو کۆمپانیایانە، بە چ بڕە پارەیەک یەکەکان دەفرۆشن یان بە کرێی دەدەن، رەوف رەشید وتی، هەوڵدەدەن ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە بکەنە بەشێک لە پێشکەوتن و جوانکردنی سیمای قەزای پێنجوێن.
لە قەزای پێنجوێن نزیکەی 10 هەزار خانووی هاوڵاتیان هەیە و دانیشتووانەکەشی بەپێی ئاماری ساڵی 2024 زیاتر لە 30 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا