هونەر زمانى تێگەیشتنى گەلانە
ژنانى کورد لە پۆڵەندا هونەرەکانیان نمایش دەکەن
964+
وریا فەتاح
14 خانمە هونەرمەندى کوردى هەر چوار بەشەکەى کوردستان، بەچەند کارێکى هونەرى کێشە و سەرکێشییەکانى ژنى کوردیان پێشانى دنیاى دەرەوەدا و بەچەند تابلۆیەک بەشداریان لە پێشەنگایەکدا کرد.
پێشەنگاکە لەژێر ناونیشانى “من هەم” بەڕێوەچوو.
زیاد رەئوف نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە لێدوانێکدا بە 964ـى وت،” بۆ یەكەمینجارە لە مێژووی هونەری كوردیدا چەند كارێكی هونەریی دەستەیەك خانمی هونەرمەندی كورد دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە شاری كراكۆڤی پۆڵەندا کارەکانیان نمایش دەکەن”.
وەک باسى دەکات، 14 هونەرمەندى ژن لە هەر چوار بەشەکەى کوردستان بەشداریان تێدا کردووە و مانگێک بەردەوام دەبێت.
پێشەنگاکە لەژێر چاودێری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا و بە هەماهەنگی ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتور (KCAC) و سپۆنسەری گەلەری زێد ئاڕ (ZR Gallery) ، بەڕێوەدەچێت.
لاى خۆیەوە، شاینە محەمەدى هونەرمەند رایگەیاند، کارەکانیا دەربڕینێکى فراوان بۆ کێشە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى ژنى کورد پیشان دەدات، بەتایبەت لە کاتى شەڕ و تێکۆشانیان بۆ مافەکانیان لەسەر ئاستى کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەراست.