لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
لە یادی 45 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا داوای قەرەبوویان بۆ دەکرێت
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ 45 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا تێپەڕ دەبێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش داوا لە حکومەتی عێراق دەکات قەرەبوویان بکاتەوە و رەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 1980دا و بەدیاریکراویش لە ماوەی دوو تاوەکو 10ی نیسانی ئەو ساڵە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقی ئەوکاتەوە بڕیاری ژمارە 666 دەرچوو، ئەم بڕیارە باس لەوە دەکات، کە ئەو کەسانەی رەگەزنامەی عێراقیان نیە، یان مامەڵەی وەرگرتنی رەگەزنامەی عێراقییان کردووە، پێوستە بەزۆرەملێ بنێردرێنەوە بۆ وڵاتی ئێران.
ئەمە وایکرد کۆچی زۆرەملێی فەیلییەکان بۆ وڵاتی ئێران دەستپێبکات، شاڵاوی گرتن و زیندانی کردن و بێ سەروشوێن کردنی گەنجانی کوردی فەیلی پەرەی سەند، بەبیانوی ئەوەی کوردە فەیلەییکان بیگانەن و هاوڵاتی ئێرانین و مەترسیان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب و عێراق هەیە.
دوای روخانی رژێمی بەعس، زۆربەی کوردە فەیلیەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان ، تاوانی کوشتن و گرتن و کۆچی زۆرەملی فەیلیەکانیش وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و تاوانی جینۆساید لەلایەن داداگای باڵای تاوانەکانە وە لە رۆژی 29.11.2010 بریاری لەسەردرا و ناسێندرا.
دۆسیەی تاوانی جینۆسایدی کورفەیلیەکان لە بەرواری 26.1.2009وە دەستی پێ کرد و لە 29.11.20211 کۆتایی پێ هات، 44 دانیشتنی دادگایی بۆ ئەنجامدرا و بە جینۆساید ناسێندرا لەدادگای باڵای تاوانەکانی بەغدا.ئەو بڕیارەی کە دەرچوو باسی لە گەڕاندنەوەی هەمو مافە زەوت کراوەکانی هاوڵاتییانی کوردی فەیلی کراوە و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیش پشتگیری ئەم بڕیارەیان کردووە وبەڵێنی جێ بەجێ کردنیان داوە، بەلام تائیستاش هیچ قەرەبوویەکی کوردانی فەیلی نەکراوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “لەم یادەدا، جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانهکانی عێراق، کە ئەو تاوانەی به جینۆساید ناساندووه، کوردە فەیلییەکان لە هەموو روویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و رەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکات.”
دەشڵێت، “خوشک و برایانی فهیلیمان دڵنیا دهکهینهوه، که هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانهوهی مافهکانیان و بهدیهینانی دادوهری بۆ ئهوان و هەرچی پێویستە لەم بارەیەوە، درێخی ناکهین.”