کەلار
رۆژى موچەیە و بانکى گەرمیان جمەى دێت
میلاد جەلال_گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دابەشکردنی موچەی مانگی سێ دەستیپێکردووە، لە بانکی گەرمیانیش قەرەباڵەغیەکی زۆر دروستبووە و هاوڵاتیان لە نۆرەدا وەستاون.
جوان رەشید، لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەکەیدا بە 964ـىى وت،”بەشێک لە موچەخۆران لە دوێنێ شەوەوە ھاتوون ھەوییەکانیان داناوە، تا ئێستا بەس موچەی ئەوانە دەدرێت و خوا دەزانێت کەی سەرەی ئێمە دێت”.
عەبدوڵا محەمەد، موچەخۆرێکی دیکەیە بە 964ـى وت،” ئەمە وەزع نییە، ئەوەندە قەرەباڵغە لەوانەیە زەلام لە ژوورەوە خنکابێت”.
بەشێک لە موچەخۆران لەو بانکە، هەرکە پارشێویان کردووە، نەخەوتوونەتەوە و لە نۆرەدا وەستاون، بەڵام بەهۆى قەرەباڵغییەوە بەزەحمەت سەرەیان دێت.
دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 954 ملیار و زیاتر لە 880 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی كوردستان بۆ موچەی مانگی ئاداری 2025.
هەر دوێنێ، وەزارەتى دارایى هەرێم، خشتەى دابەشکردنى موچەى راگەیاند، بەو پێیە، ئەمڕۆ هەریەک لە خانەنشینى شارستانى، خاوەن پێداویستى تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتوانى کیمیاباران، لەگەڵ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، موچە وەردەگرن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح