
بەلوعەی ئاوی ماڵان - وێنە: سۆشیاڵ میدیا
سەرچاوەی ژیانە
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئاوە
964+
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئاوە و بە دروشمی (پارێزگاریكردن لە رووبارە بەستەڵكەكان) ئەمساڵ چالاكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەست پێدەكات.
ئاو سامانێکی نیشتمانی گەورە و کاڵایەکی ئابووریی گرنگە و سەرچاوەی ژیانە، بە هۆی زۆربونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شارەکان و پێشکەوتنی پیشەسازی و کشتوکاڵ، بایەخی ئاو و کێشەکانیشی زیاتر دەبن.
لە کۆنگرەی ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام، کە ساڵی 1992 لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل بەسترا و نزیکەی 172 دەوڵەت تێیدا بەشداربوون، کە بە لوتکەی زەوی بەناوبانگە، لەبەر گرنگیی پرسی ئاو، پێشنیار کرا رۆژێک دیاری بکرێت بۆ پرسی ئاو، ئەوەبوو کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1993 بڕیاری دا، رۆژی 22ـی مانگی سێی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی ئاو دیاری بکرێت.
بەپێی نووسینێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، ئامانج لە دیاریکردنی ئەو رۆژە، ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆرە تایبەت بە پرسی ئاو لە زۆرێک لە شارەکان و دەوڵەتانی جیهان بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی و ئیداری و دابینکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی ئاو، هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی هەموو تاکیک ئاوی پاک و سازگاری پێ بگات، کە بچووکترین و سەرەکیترین مافی ژیانی هەمووانە.