ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان

“ئێمەش بەشداربووین لە كوشتنی والی داعش لە عێراق و سوریا”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی ئەوان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی فیدڕاڵی عێراق، والی داعش لە عێراق و سوریا كوژراوە، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوەكەیدا ئاماژەی بە رۆڵی ئەوان نەكردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 14.3.2025 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، “دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سوریا بە ناوی عەبدوڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا”.

هەروەها هاتووە، “ئەم کردارەش دەرخەری رژدیی ئێمەیە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە لە راگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەكراوە، ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ”.

“دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم

ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق”، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وادەڵێت.

ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقق لە راگەیاندراوێكدا هەواڵی كوشتنی ئەو سەركردەیەی داعشی لە تۆڕی ئێكس بڵاوكردەوە و نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانیش هەمان هەواڵی لە پەیجی فەرمیی خۆیان لە فەیسبوك بڵاوكردەوە، كە باسیان لە رۆڵی هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و هاوپەیمانان كردووە، بەڵام باسی رۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە.

والی عێراق و سوریای داعش كوژرا

والی عێراق و سوریای داعش كوژرا