حاسڵاتی ئەمڕۆ

نەورۆز لە باکوور دەستی پێکرد و تورکیاش پێنج ئێرانی دەستگیرکرد

964+

ژووری هەواڵ

جارێکی تر خانەوادەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داواکارییان ئاڕاستەی داواکاری گشتی و بەرپرسانی ئیمرالی کردووە بۆ ئەوەی رێیان پێبدرێت ئۆجەلان ببینن، ئەمەش دوای ئەوە دێت داواکەی پێشوویان وەڵام نەدرایەوە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند: پەکەکە لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکان خۆی نوێ دەکاتەوە، دەشڵێت: ئێمەش ئەرکەکانی خۆمان لە ئەستۆ دەگرین و هەموو شتێک بۆ ئاپۆ جێناهێڵین.

لە ئێستاوە چالاکییەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان دەستی پێکردووەو چەقی ئەم چالاکییانەش لە ئامادە، رێکخەرانی چالاکییەکە داوا دەکەن ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر بەشداری بکات تا پشتیوانی خۆیان بۆ ئاشتی دەرببڕن.

ئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند: دەسەڵاتدارانی تورکیا پێنج کەسی ئێرانییان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران، ئاژانسەکە دەڵێت ئەو کەساەن زانیارییان لەسەر بنکە سەربازی و ناوەندە هەستیارەکانی ئێران کۆکردووەتەوەو داویانە بە دەزگای هەواڵگری ئێرانی.

لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ عێراق، ئەمڕۆ ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا گەیشتە بەغدا، هەرچەندە بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبییەوە عێراق تائێستا پیرۆزبایی لەدەسەڵاتی نوێی سوریا نەکردووە، بەڵام رەنگە ئەم سەردانە دەرگایەک بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان بکاتەوە.

ئەمڕۆ وەفدێکی پیاوانی ئاینی درووز کە لە 60 کەس پێکهاتبوون بە سێ پاس سنووری بەرزاییەکانی جۆلانیان بڕی و چوونە خاکی ئیسرائیلەوە، بۆ ئەوەی لەوێوە سەردانی مەزارگەی نەبی شوعەیب بکە و چاویان بکەوێت بە رابەری رۆحی درووزەکان لە ئیسرائیل، ئەمە یەکەمینجارە دوای پەنجا ساڵ سەردانی لەم شێوەیە رێکبخرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵایکردەوە: لە کۆبوونەوەی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، روسیا بە توندی رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی ئێستا سوریا گرتووەو نوێنەرەکەیان وتووەیەتی ئەوەی لە شارە کەناراوەکانی سوریا دەکرێت کۆمەڵکوژییەو هیچی کەمتر نییە لەوەی لە رواندا روویدا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند دوێنێ سێ ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی سەر بە تورکیا ئەنجامداوە لە نزیک بەنداوی تشرین و زەبری گەورەیان پێ گەیاندوون.