"فاسولیای تەڕ لە هەر شوێنێک بینرا دەستی بەسەردابگرن"

قایمقامی سلێمانی رێگری لە بردنەدەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بۆ شارەکانی عێراق دەکات

964+

شۆڕش قادری

قایمقامی سلێمانی بڕیاری دا بە رێگریگرتن لە بردنەدەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بۆ شارەکانی خوارووی عێراق و فاسۆڵیای تەڕیش لە هەر شوێنێک ببینرێت، دەستی بەسەردادەگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.3.2025 ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەگەڵ هەردوو لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگی بەرهەمی سەوزە و میوە، کۆبونەوەی مانگانەی خۆیان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا، بریاردراوە بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پڕکردنەوەی پێداویستی بازاردا، پشت بە مریشک و هێلکەی پڕۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پڕۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لەمانگی سێـدا کراوە دەبێت.

لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوکیش لە ناوخۆدا، ئاوات محەمەد لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە کە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، لەبەرئەوەی لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان لە سەر بەکارهێنانی گۆشتی سوور زیادیکردووە، ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی گۆشت لە بازاردا.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەی دووەمدا، باس لەو هەنگاوانە کراوە کە پێویستە بگیرێتەبەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا کە لەم وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتوون، بۆیە رێگە دەدرێت هاوردەکردنی چەند جۆرێک سەوزە و میوە بە پێی پێویست کراوە بێت، بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، قایمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی هاوردەکردن و ساغکردنەوەی فاسۆلیای تەڕ کردووە کە ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی جۆرە نەخۆشییەک تێیدا، هاوردەکردنی راگیراوە، هەر بۆیە لیژنە هاوبەشەکانی راسپاردووە لە هەر شوێنێک بینرا، دەستبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.

لە سلێمانی 468 تۆن گۆشتی سوور بۆ جەژن فرۆشراوە

لە سلێمانی 468 تۆن گۆشتی سوور بۆ جەژن فرۆشراوە

“هەموو كێشەكانمان خەتای حكومەتی هەرێمی كوردستانە”

"هەموو كێشەكانمان خەتای حكومەتی هەرێمی كوردستانە"