لەسەر ئەوەى هۆڕنیان بۆ مەڕەکانیان لێداوە

شوانکارەیەک چوار کرێکارى شارەوانى بریندار دەکات

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

لە ناحیەى پردى، بەهۆى دروستبوونى شەڕو دەمەقاڵى لە نێوان ژمارەیەک کرێکارى شارەوانى و شوانکارەیەک، چوار کرێکارى شارەوانى بریندار بوون.

رووداوەکە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە روویداوە.

سەرچاوەیەک لە شارەوانى پردێ چیرۆکى رووداوەکەى بەم شێوەیە بۆ 964 گێڕایەوە،”لەکاتى تێپەڕبوونى ئۆتۆمبێلێکى پاککردنەوەى شارەوانى لەسەر جادەیەک، رانەمەڕێک لەو کاتەدا دەپەڕێتەوە و شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکەش هۆڕن بۆ مەڕەکان لێدەدات تا رێگاکەى بکرێتەوە، لەو کاتەشدا شوانکارەکە توڕە دەبێت و بە گۆچان دەکێشێت بە جامى ئۆتۆمبێلەکە و دەیشکێنێت”.

وەک باسى دەکات، دواى دابەزینى کرێکارەکان لەگەڵ شوانکارەکە دەبێتە دەمەقاڵێ و دواتر شەڕ دروست دەبێت.

“کاتێک شەڕەکە دروست دەبێت، چەند هاوکارێکى شوانەکە دێن و دەکەونە سەر کرێکارەکان و لێیان دەدەن و بەهۆیەوە چواریان دەست و قاچ و دەموچاویان بریندار دەبن”، ئەو سەرچاوەیە واى وت.

لە ئێستادا، کرێکارەکان دواى وەرگرتنى چارەسەر گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام دۆسیەیان لە دژى ئەو شوانکارە و هاوکارەکانى کردووەتەوە و سکاڵایان لەسەر تۆمار کردوون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح