باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم
"وتارەکانی دوای عەسر لە 20 خولەک زیاتر نەبن"
وەزارەتی ئەوقاف رێنماییە شەرعییەکانی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم رێنماییە شەرعییەکانی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە و بەپێی یەکێک لە رێنماییەکان، دەبێت وتارەکانی دوای عەسر لە 20 خولەک زیاتر نەبن.
لە مانگی رەمەزاندا تەنها پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوت بۆی هەیە تەراویح ئەنجام بدات و دەرگای مزگەوتەکانیش تەنها لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزان تا نوێژی بەیانی كراوە دەبن.
رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم لە خوارەوە:
یەكەم: دیاریكردنی یەكەم ڕۆژو كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تەنها لە دەسەڵاتی لێژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەبێت.
دووەم: پابەندبوونی تەواو بە ئیمساكیە و خشتەكانی كاتی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن (بینراوو بیستراو).
سێیەم: وتارەكانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی ڕۆژووەوان لە (20) بیست خولەك زیاتر نەبێت، وە تەنها لەلایەن مامۆستای مزگەوت پێشكەش بكرێت، بەبەكارهێنانی میكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، وە لەم ووتارانە مامۆستای مزگەوت تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی ئەحكام و عیبادات و معاملات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاری هەڵمەتی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان+ كاریگەری كارەكتەرە عەقلیەكان+ پێكەوەژیان).
چوارەم: ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی ئیمساكیەی پارێزگاكەوە دەبێت بەهیچ شێوەیەك نابێت بەپێچەوانەوە كاربكات.
پێنجەم: تەنها لە (10) شەوە كۆتاییەكانی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی بەمەرجێك رەزامەندی پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.
شەشەم: تەنها پێش نوێژو وتارخوێنی فەرمی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بەتایبەتی ئەنجام بدات بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك بۆی نیە چالاكی ئەنجام بدات.
حەوتەم: پابەندی تەواو بە فەتوای دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفترەو فیدیە،كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.
هەشتەم: پاش بانگدانی شەوان (عیشا) لەدوا (15 بۆ 20) خولەك دواتر نوێژ ئەنجام دەدرێت لەبەربارودۆخی ڕۆژووەوان، وە ڕەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لەڕووی درێژی و كورتی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعی ئەنجام بدرێت.
نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف چاودێری جێ بەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە دەكەن. دەیەم: پابەندبوون بەبانگی ڕێكخراو لەو شوێنانەی كە پڕۆژەی بانگی تێدا جێ بەجێكراوە.
ئەگەر ئێوارەی رۆژی هەینی، مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان ببینرێت، ئەوا رۆژی شەممە 1.3.2025 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ دەبێت.