تاکسی سلێمانی - وێنە: 964
لەم هەفتەیەدا
تاكسییەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی لۆگۆی نوێ وەردەگرن
964+
ژووری هەواڵ
بڕیارە لەم هەفتەیەوە لۆگۆی نوێ لە تاكسییەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی بدرێت، سەندیکای شۆفێرانیش دەڵێت، بەم لۆگۆیە ئەو تاکسییانە جیادەکرێنەوە لە ئەوانەی لەناو شار کاردەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23.2.2025، ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو لۆگۆیەی کە بەکاردەهێنرێت رەنگی سوورە، ئەم هەفتەیە بێبەرامبەر لە جامی پێشەوەی تاکسییەکان دەدرێت و بەپێی شوێنەکان نرخی گواستنەوەیان لەسەر نوسراوە.
لە بازگەکان بەو لۆگۆیە ئەو تاکسییانە دەناسرێنەوە، بەبێ ئەو لۆگۆیە کە لەسەری نوسراوە “سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی” رێگە بە هیچ تاکسییەک نادرێت سەرنشین بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی شار، ئازاد ئەحمەد وای وت.
بە وتەی سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی، لەو پارێزگایە دوو هەزار و 800 تاکسی لە هێڵەکان دەرەوە کار دەکەن.