خۆپیشاندان دەکەن
خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکانی کەلار داوای شکاندنی بایکۆت دەکەن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18.2.2025، خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە بەردەم پەروەردەی کەلار گردبوونەوە، داوای قەرەبووی ئەو رۆژانە دەکەن کە قوتابخانە نەبووە.
ژمارەی ئەو کەسانەی کە فرۆشگاکانیان بە کرێ گرتووە نزیکەی 78 کەس دەبێت، کۆی پارەکەیان نزیکەی 550 ملیۆن دینارە، نرخی فرۆشگای قوتابخانەکانیش جیاوازن.
مەسعود حسێن، یەکێکە لەو کەسانای بۆ ئەمساڵ فرۆشگای قوتابخانەی بە کرێ گرتووە بە 964ـى وت، “ئێمە داوای مافی سەرەتایی خۆمان دەکەین، ھەموومان زەرەرمان کردووە بەھۆی بایکۆتی قوتابخانەکان، دەمانەوێت پارەی ئەو رۆژانەمان بۆ بگەڕێننەوە کە دەوام نەبووە”.
وەھاب ئەحمەد، یەکێکی ترە لە خاوەنی ئەو فرۆشگایانە بە 964ـى وت، “ئێمە زەرەری زۆرمان کردووە، ھەموو ئەو شتانەی ھێناومانە بەسەرچوون، جگە لەوەش ھەر یەکێکمان بەشداری مزایدەکەمان کردوە و هەر کەسەو 250 ھەزارمان لێوەرگیراوە”.
نەبەرد ئەحمەد، خاوەن فروشگایەکی ترە بە 964ـى وت، “کەس گوێ لە داواکانمان ناگرێت، بەڕێوەبەری پەروەردە پێمان دەڵێت، گەڕاندنەوەی پارە لە دەسەڵاتی وەزیری پەروەردەیە و ئێمە ناتوانین پارە بگەڕێنینەوە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش