نزیکەى 100 ملیۆن دەبێت

دەفتەرى قەرزەکانى سووتاند و گەردنیانى ئازاد نەکرد

964+

میلاد جەلال

کاسبکارێکى قەزاى دەربەندیخان، دواى ئەوەى بێهیوا بوو لە وەرگرتنەوەى قەرزە کەڵەکەبووەکانى، دەفتەرى قەرزەکانى سووتاند و دەشڵێت: گەردنیان ئازاد ناکەم.

موختار عەبدوڵاى کاسبکار لە دەربەندیخان، پێشتر دوکانى فرۆشتنى کارەبایى هەبووە و ئێستا دوکانى فەرشفرۆشى هەیە، ئەو کاسبکارە لە ماوەى 2009 تا 2022، قەرزى بە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى داوە، بەڵام لە وەرگرتنەوەیان بێهیوا بووە، هەربۆیە بەناچارى دەفتەرى قەرزەکانى سووتاند.

موختار قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” ئەو دەفتەرى قەرزەى سووتاندم، قەرزى ماوەى 2009 تا 2022 بوو، لەو ماوەیەدا بڕى 69 ملیۆن و 642 هەزار دینار و 13 هەزار و 350 دۆلار قەرزم بە ژمارەیەک خەڵک داوە”.

باسى لەوەشکرد، وەک هاوکاریکردن قەرزیان داوە بە خەڵک، بەڵام وەک خۆى دەڵێت، بەشێک لەو خەڵکە چاوى خۆى لێ نوقاندووە و قەرزەکانیان نادەنەوە، تەنانەت بە وتەى موختار، “خەڵک هەیە ئۆتۆمبێلى ئاخیر مۆدێلى پێیە کەچى قەرزەکە ناداتەوە”.

ئەو کاسبکارە هەرچەندە ویستوویەتى لە رێگەى یاسا و عەشایەریشەوە قەرزەکانى وەربگرێتەوە، بەڵام بێهیوا بووە، هەربۆیە دەفتەرى قەرزەکانى سووتاندووە و دەشڵێت، “ئەوەى ماوە لە ژیاندا و دەستى دەڕوات بمداتەوە، بەڵام ئەگەر نامدەنەوە، گەردنیان ئازاد نەبێت و ماڵەکەى وەک دەفتەرى قەرزەکانم بسووتێت”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"مانگانە 280 هەزار دینار قەرزار دەبمەوە"