69% بەرهەمهێنان زیادیکردووە

دی ئێن ئۆ: بۆ ساڵی رابردوو 667 ملیۆن دۆلار داهاتمان هەبووە

964+

ژووری هەواڵ

داهاتی گشتیی کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بۆ نەوت، بۆ ساڵی 2024 گەیشتووەتە 667 ملیۆن دۆلار، کۆمپانیاکە دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی بەراورد بە ساڵی 2023 بەرێژەی 69% زیادیکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.2.2025، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ راپۆرتى قازانج و داهاتى بۆ ساڵى 2024 ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لەو ساڵەدا هیچ بیرە نەوتێکی نوێی لێنەداوە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 78 هەزار و 620 بەرمیل، لە کاتێکدا لە 2023ـدا تەنیا 46 هەزار و 500 بەرمیل بووە، بەوەش بەرهەمهێنان بەرێژەی 69% زیادیکردووە.

لە چارەکی چوارەمى ساڵی رابردوودا، داهاتی کۆمپانیاکە بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی 2023 بەرێژەی 4.6% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 176 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت، بەرهەمهێنانەکەی لە 23 بیرە نەوتەوە بووە کە سیانیان پێشتر هەڵکەندراون و 20ـەکەی دیکەش نۆژەنکراونەتەوە.

داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمى ساڵی 2023ـدا 171 ملیۆن دۆلار بووە.

لە چارەکی چوارەمى ساڵی 2024ـدا، کۆمپانیاکە رۆژانە 74 هەزار و 143 بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخابور بەرهەمهێناوە، بەراورد بە هەمان چارەکی ساڵی 2023 کەمیکردووە، چونکە ئەو کات ئاستی بەرهەمهێناى رۆژانە بە تێکڕا 84 هەزار و 212 بەرمیل بووە.

"بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە"