دیمه‌نێكی گونده‌كه‌ى گه‌رمیان و دیمه‌نى دیاریكردنى بناغه‌ى مزگه‌وته‌كه ... وێنه: سۆشیاڵ میدیاى رێکخراوی خێرخوازی ماڵی هاوكاران.
بۆ یه‌كه‌مجار مزگه‌وتى بۆ دروست ده‌كرێت
گوندێكی گه‌رمیان زیاتر له 100 ساڵە گوێیان له بانگدان نه‌بووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
گوندێكی سنوورى گه‌رمیان له‌وه‌ته‌ى ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه، مزگه‌وتى لێنه‌بووه، بۆ یه‌كه‌مجار رێكخراوێك ده‌چێته گونده‌كه و بناغه‌ى دروستكردنى مزگه‌وتیان بۆ داده‌نێت.
گونده‌كه، ناوى قولیجان ئەمین قارەمان، له سنوورى ناحیەی ئاوەسپی و كه‌وتووه‌ته سه‌ر رێگای ناحیه‌ى سەنگاو و قه‌زاى کەلار و له‌ئێستادا نزیكه‌ى 10 ماڵى لێ ده‌ژیت.
مامۆستا ئامانج کانی بەیتەشی، سه‌رۆكى رێکخراوی خێرخوازی ماڵی هاوکاران به 964ـى وت، زۆرێك له گونده‌كانى گه‌رمیان بێ مزگه‌وتن، هه‌یانه هه‌ر بۆى دروست نه‌كراوه و هه‌شیانه له‌دواى ئه‌نفاله‌كانه‌وه كه رووخاوه بۆیان دروست نه‌كراوه‌ته‌وه.
وتیشی “گوندى قولیجان هه‌ر له‌گه‌ڵ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى مزگه‌وتى نه‌بووه و و كه‌سه به‌ته‌مه‌نه‌كانى ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى بیریان بێت له‌ساڵى 1920 ـه‌وه گونده‌كه‌یان بێ مزگه‌وته”.
ئه‌نجومه‌ن و ریشسپی و هاوڵاتیانى گونده‌كه‌یان كۆكرده‌وه و پار‌چه‌یه‌ك زه‌ویان ده‌ستنیشان كرد و ده‌ستیان به دیاریكردنى نه‌خشه‌ى بیناكه و لێدانى بناغه‌ى كرد.
وه‌ك ئه‌وه‌ى رێكخراوه‌كه تەخمینی كردووه مزگه‌وتى ئه‌م گونده نزیكه‌ى 60 هه‌زار دۆلارى تێده‌چێت و ئه‌وانیش وه‌ك به‌رنامه و پلانی خۆیان هه‌ر به‌شێكی دروستكردنى مزگه‌وته‌كه به كه‌سێكی سه‌رمایه‌دار ده‌سپێرن و له‌و سه‌ندوقانه‌ش پاره‌ى بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن كه له خێرخوازان كۆى ده‌كه‌نه‌وه.