دارستان و پاوانی هەڵەبجە نزیکەی نیوەی کارمەندەکانی لەدەست دەدات
هەمواری یاسای خانەنشینی کێشە بۆ هەندێک بەڕێوەبەرایەتی دروست دەکات
شۆڕش قادری
دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ جێگیرکردنی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵیدا ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر و کارگوزار لە کوردستان خانەنشین دەبن و بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کێشەی کەمی کارمەندیان بۆ دروست دەبێت.
هەرچەندە هەندێک لە دامودەزگاکانی هەرێم کێشەیان نییە و هەر لەئێستاوە کەسیان حازرە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی فەرمانبەرە بەئەزموونەکانیان، بەڵام ئەوەتا لە هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان نزیکەی نیوەی کارمەندەکانیان خانەنشین دەبن و کەسیش نییە بچێتە شوێنەکانیان.
محەمەد مەحمود بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئێمە 47 کەسین، دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم 18 کەسمان خانەنشین دەبن و ئەوەش گرفتی گەورەمان بۆ دروست دەکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەوان وەک شوێنەکانی دیکە نییە کە خەڵک خۆی بۆ بکوتێ و هەوڵ بدات دەستی لێ گیر ببێت، بەڵکو کەس نییە بچێتە شوێنی کارمەندە خانەنشینبووەکانیان و بە ئاسانی شوێنەکانیان پڕ نابێتەوە.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە وتیشی، بۆ چاودێری دارستانەکان و بەدواداچوون بۆ پرسی ژینگە پێویستیان بە کارمەندی چوست و چالاکە و نابێ ئەو بابەتە پشتگوێ بخرێت.