"یەکەمجارە لە زستان ئەو کارە بکەن"
بێ بارانییە و ئاو بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان دادەنێن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بێ بارانی وای لە ژمارەیەک چالاکوانی ژینگەیی کرد، بەم زستانە ئاوی خواردنەوە بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان دابین بکەن لە دەشتاییەکانی ناحیەی رزگاری لە قەزای کەلار.
یاسین حەمە ئەمین، چالاکوانی ژینگەیی بە 964ـی وت،”ساڵانی پێشوو تەنھا لە وەرزی ھاوین و گەرما ئاوی خواردنەوەمان ئەھێنا بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان، بەڵام ئێستا ھەرچەن وەرزی زستانە ، بەھۆی بێ بارانیەوە ئاومان ھێنایەوە بۆ دەشتاییەکانی ناحیەی رزگاری”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”ھەفتانە دێین سەردانی حەوزەکان دەکەین و چاودێری ئەو نەمامانەش دەکەین کە چاندومانە، چەند شۆفێری تانکەرێکیش ئامادەییان نیشانداوە بێ بەرامبەر ھەموو ھەفتەیەک ئاو بھێنن بۆ حەوزەکان تا ئەوکاتەی باران دەبارێت”،یاسین حەمە ئەمین وای وت.
چەند حەوزێکیان بە چیمەنتۆ لە دەشتی ناحیەی رزگاری دروستکردووە، ئەمڕۆ حەوزەکانیان پڕکرد لە ئاو و ژمارەیەک نەمامیشیان لە دەوری حەوزەکان چاند.
نەغم محەمەد، چالاکوانی ژینگەییە بە 964ـی وت،”زۆر گرنگە ئەم جۆرە چالاکیانە ئەنجام بدرێت، چۆن ژینگە خزمەتی ئێمە دەکات، دەبێت ئێمەش خزمەتی ژینگە بکەین”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی