رۆژانە 345 ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی زبڵ خەرجدەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
رۆژانە شەش هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت، کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو زبڵ و خاشاکە دووبارە بەکاربهێندرێنەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، رۆژانە 345 ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی شەش هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاک خەرج دەکرێت.
ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رۆژی دووشەممە بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند “لەپێناو پاراستنی ژینگەدا، پلانی ئاییندەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، شێوازی چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک بگۆڕێت و وا بکات دووبارە بەکاربهێندرێنەوە.”
لەهەرێمی کوردستاندا چارەسەرکردن و کۆکردنەوەی بەشێکی زۆری خۆڵ و خاشاک دراوە بە کەرتی تایبەت، بە وتەی ئاراس فوئاد، هەموو شارەوانییەكان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی پاککردنەوە هەیە و بە هەمان شێوە و سیستم لە زبڵ و خاشاك خاوێن دەكرێنەوە.
لەهەرێمی کوردستان، 32 گرێبەست بۆ خزمەتگوزارییەکانی کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک و خاوێنکردنەوە لە هەرێمی کوردستان واژوو کراون و لە زۆربەی شارەکاندا زبڵ و خاشاک تەنیا داپۆشینی بۆ دەکرێت.
“جگە لە شوێنە بازرگانییەکان، هیچ بڕە پارەیەک لە بەرانبەر کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک وەرناگرێت و وەک خزمەتگوزارییەکی خۆڕایی پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکات” بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وای وت.
لە سنووری پارێزگای دهۆک و سنووری قەزای ئامێدی دوو پرۆژەی جیاکردنەوەی خاشاک هەن، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانیش پڕۆژەیەکی گۆڕینی خۆڵ و خاشاک بۆ وزەی بەدیل (Refuse-Derived Fuel) هەیە.