ئاژەڵەکان لێرە بەخێودەکرێن
گۆشتە هاوردەکە نرخەکەی گونجاوە و بەدڵی هاوڵاتییانە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ماوەیەکە بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئەوگۆشتەی کە لە بازاڕ بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێت گۆشتی هیندیە و بەڕازیلیە و لەوێ سەردەبڕدرێت و دواتر هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
964 بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتەکرد و لە رەشاد عزیز، کە گۆشتفرۆشە لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر، ئەو وتی، “راستە ئاژەڵەکان هاوردەن، بەڵام بە زیندووی هاوردە دەکرێن و ماوەیەک لێرە بەخێودەکرێن، دواتر سەردەبڕدرێن و دەفرۆشرێنەوە”.
وتیشی “بەهۆی ئەوەی ئاژەڵی خۆماڵی نرخی گرانترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەی کە لەدەرەوە دەهێندرێن، بۆیە خەڵک خواستی لەسەر ئەو گۆشتە زیاترە”
روونیشیکردەوە، هاوردەکردنی ئەو ئاژەڵانە شتێکی تازە نییە و نزیکەی 10 ساڵە وایە، هۆکاری هەرزانی نرخەکەشی بۆ لادانی باج گەڕاندەوە و وتی “حکومەت %50ـی باجی لەسەر ئەو ئاژەڵانە هەرزان کردووە، بۆیەش نرخەکەی کەمترە بەراورد بە گۆشتی خۆماڵی.
نرخی کیلۆیەک گشتی ئەوروپی هاوردە لە نێوان 12 بۆ 16 هەزار و گۆشتی خۆماڵیش لەنێوان 16 بۆ 20 هەزار دینارە ئەمەش وای کردووە خواست لەسەر گۆشتی ئەو ئاژەڵانە زیاد بێت کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر