شاندەکەی هەرێم لە بەغدا 

“کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوە”

964+

توانا نەقی

شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لە چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەران دەکەنەوە، ئەمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و حکومەتی فیدراڵ باسکراوە.

ئەمشەو دووشەممە 20.1.2025 وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی رابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو.

دەشڵێت،  هەردوولا رێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کە تێیدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و راسپاردەی پێویستیش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لە سبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ “کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025”.

ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هیچ ئاسۆیەکی روونیان نییە بۆ چارەسەرکردنیان و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم و موچەی مانگی 12ـەی 2024یش رەنگە فاتیحای لەسەر بخوێندرێت، چونكە وادەردەكەوێت هێشتا هەوڵەکان بۆ دابیكردنی موچەی مانگی 1ـی ئەمساڵە.

 شاندی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن

 شاندی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن