هەرپێشمەرگە و ئەفسەرێک کۆمێنتى نەشیاو بنوسێ دەدرێتە دادگاى سەربازى

ئەوە نەما بە جلى سەربازییەوە پۆز لێبدەى

964+

وریا فەتاح

وادیارە ئەو پۆزلێدان و نمایشەى ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدارى سەربازى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جلى سەربازییەوە بڵاویان دەکردەوە، وەزارەتى پێشمەرگەى ناچارکردووە چەند بریار و راسپاردەیەک دەربکات.

وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوى کردەوە، بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی ئەرک و کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییەیە کە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نمایشکردن بە جلوبەرگی سەربازیى بە شێوەیەکی نادروست دەبینرێت و، هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە 60 لە 6ـى کانوونی دووەمی 2025 ژمارەیەک بریار و راسپاردەی دەرکردوە و تیایدا هاتووە:

1-   هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆدەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکی کەسی ئەفسەر و فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.

هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک کۆمێنتى نەشیاو بنوسێت دەدرێتە دادگاى سەربازی

2- هەموو جۆرە ناوزڕاندنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا “كۆمێنتی نەشیاو یان پۆست و بڵاوكردنەوەی وێنەی نەگونجاو”، ئەنجامدەرەكەی رووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەك بەدەر لەو رێنوێنییانەی كە لە فەرمانەكەدا هاتووە ئەو كارانە ئەنجام بدات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی.

3- ئەنجامدانی ئەو کارانە قەدەغەیە کە لە خاڵی 1-2ـی بریارەکەدا هاتووە، هەر فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بەدەر لە و رێنماییەی کە لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەنجامیان بدات ئەوا سزای یاسایی دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

4- پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هەواڵگری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن کە سوکایەتی بە ناو ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بە پێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.

قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێتە...

قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێتەوە