بەشی کشتوکاڵی سەروچاوە وێنە: کشتوکاڵی سەروچاوە
بۆ بە بازاڕکردنی گەنم بە سایلۆ
جوتیارانی ناحیەی سەروچاوە برۆن ناوتان تۆمار بکەن
964+
ژێوار خدر
ئەو جوتیارانەی کە لە سنووری ناحیەی سەروچاوەی ئیدارەی راپەڕین، زەوییەکانیان رووپێوکراوە ناویان تۆمار دەکرێت بۆ پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنم بۆ سایلۆ.
بەشی کشتوکاڵی سەروچاوە، ئاگاداری ئەو جوتیارانەی سنوورەکەی دەکاتەوە، کە زەوییەکانییان رووپێوەکراوە، لە ئەمڕۆ دووشەممە 6.1.2025وە دەتوانن سەردانی بەشەکەیان بکەن و ناویان تۆمار بکەن بۆ پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنم بۆ سایلۆ.
جەمال حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی سەروچاوە بە 964ـی وت، جوتیاران لەمڕۆوە تا رێکەوتی 16.2.2025 دەتوانن بێن و ناویان تۆمار بکەن و پێویستە کۆپی کارتی نیشتمانی یان ناسنامە لەگەڵ خۆیان بهێنن.
وتیشی، بۆ ئەمساڵ لە سنووری ناحیەی سەروچاوە 15 هەزار و 300 دۆنم زەوی جوتیاران دابینکراوە بۆ چاندنی گەنم.
باسی لەوەش کرد، هەرچەندە لە ساڵانی پێشوودا رووبەری 20 هەزار دۆنم بۆ ناحیەکە دیاریکرابوو، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە بۆ وەرگرتنی بڕێکی کەمتری گەنم لە هەرێمی کوردستان، رووبەرەکەی ئەوانیش کەمکراوەتەوە بۆ ئەو رێژەیەی ئێستا.