"جانتا بە جانتا دەیپشكنن"

فڕۆكەیەكی ئێرانی لە بەیروت نیشتووەتەوە و گومان دەكرێت پارەی حزبوڵای گواستبێتەوە

 964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

دەسەڵاتدارانی لوبنان لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری لە بەیروت، فڕۆكەیەكی ئێرانیی سەر بە هێڵی فڕۆكەوانیی ماهانیان گەمارۆداوە و دەیپشكنن، گومان دەكرێت پارەی حزبوڵای لە تارانەوە گواستبێتەوە.

هاوكات بەرپرسانی لوبنان پەیوەندییان بە ئێرانەوە كردووە و لە باری فڕۆكەكە پرسیاریان كردووە.

وەزیری ناوخۆی لوبنان بەسام مەولوی بە كەناڵی ئێم تی ڤی لوبنانی راگەیاندووە، ئێستا لە ناو فڕۆكەكە جانتا بە جانتا پشكنین دەكەن بزانن فڕۆكەكە چی تێدایە، كە لە پەیژەیەكی تایبەت وەستێندراوە، سوپای لوبنانییش لە ئامادەباشیدان.

ئەو بارودۆخەی لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری دروست بووە، وایكردووە قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بێت و جۆرێك لە نائارامی لە لایەن گەشتیارانەوە هەستی پێدەكرێت.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنییش كە بۆ سایتی “ئێرم نیوز” قسەی كردووە، دەزگای ئاسایشی فڕۆکەخانە، ئەگەر پارە یان باری قەدەغەکراو لە ناو فڕۆكە بدۆزرێتەوە، رێگری لە دەرچوونی دەكات، ئەگەریش سەلمێندرا کە پارەی گواستراوەتەوە، ئەوا پارەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی لوبنان، چونکە بە پارەی گوماناوی دادەنرێت.