"یەکەمجارە بەو جۆرە دوابکەوێ"
فەرمانبەرانی تەندروستی کەرکوک شەش رۆژە چاوەڕێی موچەن
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
26ـی هەمو مانگێک موچەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دابەش دەکرێت و دەخرێتە سەر هەژماری فەرمانبەرەکان لە بانکی رافیدەین، پاشان بۆ کۆمپانیای کی کارت دەگوازرێتەوە و بە کاش وەردەگیرێ، بەڵام کۆتا مانگی ساڵی 2024 نەهاتبوو، بەهۆی “کێشەیەکەوە” ماوەی شەش رۆژە دابەشکردنی ئەو مافەی فەرمانبەرەکان دواکەوتووە.
ئێستا ئەوان، چاوەڕێی ئەو کورتەنامەیەن، هەر بنووسێ موچەکەت هات و بچن وەری بگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1.1.2025، موسا رەفعەت، بەڕێوەبەری بەشی کارگێڕی و دارایی و یاسایی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی موچەکەیان، دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی نێوان بانکی رافیدەین و بانکی ناوەندی کە بووە بەهۆی دواکەوتنی دابەزینی موچەکانیان، وتی، “ئێمە لە ئیدارەی تەندروستی کەرکوک کۆمپانیای نێودەوڵەتی کی کارت به بەرپرسیار دەزانین له دواکەوتنی پێدانی موچەی فەرمانبەران، هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر”.
بەپێی داتایەکی تەندروستی شارەکە بێت، کە سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی داوە، “ژمارەی فەرمانبەرانی تەندروستی کەرکوک نزیکە لە 30 هەزار فەرمانبەر، ئەوە بۆ یەکەمجارە موچەی فەرمانبەرەکانی بەوجۆرە دوادەکەوێت، لەوەتی بە سیستمی کی کار رێکخراوەتەوە”.
عەلی ئەحمەد خاوەن یەکێک لە نوسینگەکانی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانە ئەو بە 964ـی وت، جیا لە تەندروستی، تاوەکو ئێستا موچەی خانەنیشینی مەدەنی و سەربازی و فەرمانگەی ئاوی کەرکوک دابەش نەکراوە، بەهۆی نەبووونی سیولە، رۆژانە بۆ وەرگرتنی پارە دەچین بۆ بانکەکان پێمان دەڵێن، “قاسەکانمان بەتاڵە”.
پێشتر، وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا نەبوونی پارەی سیولەی رەتکردەوە، ئەوە لە کاتێکدا حکومەتی عێراق موچەی ژمارەیەکی زۆری وەزارەتەکانی لە رێگای کۆمپانیای کی کارت دابەش دەکات، بەڵام شەش رۆژە نامەی نەناردوە بۆ فەرمانبەرانی تەندروستی کەرکوک و ئەوانیش لە چاوەروانیدا ماونەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا