گرافیک: 964+
کەمێک لەمەوبەر شاندى دەم پارتى گەیشتە ئەوێ
دیدارى ئیمراڵى دەستیپێکرد
964+
وریا فەتاح
کەمێک لەمەوبەر، شاندى دەم پارتى گەیشتنە ئیمڕاڵى و کۆبوونەوەى نێوان شاندەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان دەستیپێکرد.
شەوى رابردوو وەزارەتی دادى تورکیا، ئەنجامدانی دیداری دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان، لە ئیمراڵی پەسەند كرد.
میدیاکانى تورکیا بڵاویان کردەوە، کەمێک لەمەوبەر پەرلەمانتارانى دەم پارتى، سیرى سوڕەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان گەیشتوونەتە ئیمڕاڵى.
دیدارەکە لەسەر داواى دەوڵەت باخجەلى سەرۆکى مەهەپە خرایە بەرنامەى کارى پەرلەمان کە داواى کردبوو گۆشەگیرى سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت.
دیدارەکەی ئۆجەلان لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سوریاوە پێشبینی دەکرێت قسەی هەم لەسەر رۆژئاوای کوردستان و هەم باکورو تورکیاش هەبێت و قسەى ئۆجەلانیش کاریگەرى لەسەر رەوتى رووداوەکان دەبێت.
رۆژى 24.10.2024، عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویكردووەتەوە كە دواى 43 مانگ توانیویەتی جارێكی دیكە ئۆجەلان ببینێتەوە.
ئۆجەلان:
من دەتوانم دۆخی توندوتیژی بگۆڕم بۆ زەمینەی سیاسیی و یاسایی
ئەوکات عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە نوێترین پەیامی لە رێگەی برازاکەیەوە گەیاندە دەسەڵاتدارانی توركیا و وتى “من دەتوانم دۆخی توندوتیژی بگۆڕم بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی”.
پێش دیدارەکەى 24ـى ئۆکتۆبەرى 2024، کۆتاجار كە كەسوكاری عەبدوڵا ئۆجەلان ئاگاداری رەوشی ژیانی بوونە، لە 25.3.2021، ئەویش لە رێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا و ماوەی پەیوەندییەکە تەنیا سێ خولەک بوو، دوای ئەوە گۆشەگیرییەکەی توند كراوە، رێگە بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ خانەوادە و پارێزەرانی نەدەدرا.